روونكردنەوەیەك لە عادل موراد ەوە
خوشكانو برایانی بەڕێز سڵاوتان لێ بێت
لە وەڵامدانەوەی ئەو نامانەی پێم دەگەنو سەبارەت بەو كۆمێنتو رەخنانەی لەسەر لاپەڕەی فەیس بوكەكەم بڵاودەكرێنەوە، پێشەكی حەز دەكەم سوپاسی بێ پایانو پێزانینم پێشكەشتان بكەم بەرامبەر نامەكانتان كە ناواخنەكانیان لە هەستی قوڵتانەوە هەڵدەقوڵێت لە بەكارهێنانی مافی دیموكراتیتانو دەربڕینی هەستی بەرزی نەتەوایەتیتان. جارێكی تر سوپاستان دەكەم بۆ بەردەوام بوونتان لەپەیوەندیكردنو دەمەوێت پێتان رابگەیەنم كە من لەهەڵوێستە نیشتمانیو نەتەوایەتییە راستەقینەكانم پاشگەز نابمەوەو رووداوەكانیش سەلماندیان كە بۆچوونو راگەیاندنەكانی پێشووم راستو واقعی بوونو بیرو بۆچوونی پێگەو كادیرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیشاندەدەن... من راو بۆچوونی خۆم ناشارمەوە، چەند گرانیش لەسەرم بكەوێتەوە هێشتا لەسەر هەمان پەیڕەو دەڕۆم كە لە بەیاننامەی یەكەمی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 161975نەخشەمان بۆ كێشا، ئەو بناغانەی كە باوەڕم پێهێنان كە ئەویش بەرگریكردنە لە بەرژەوەندییەكانی گەلو پابەندبوونە بە یەكێتی نیشتمانی عیراقو خەباتكردنە لەپێناو روخاندنی رژێمی سەركوتكەری سەدامو قوربانیدان بە گیانو ماڵ بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی كوردستانو پابەند بوون بەدەستپاكیو راستگۆییو دادپەروەریو پشتگیریكردنی هەژارانو نەدارانو خێزانی شەهیدە نەمرەكانو وەفاداری بۆ دۆستانو هەڤاڵانی رێگای خەباتو دووركەوتنەوە لە دەسكەوتی ماددیو دزینی سامانی گشتیو بازرگانیو مامەڵەی گڵاوو ساختەكارانە...منو هەزاران كادرو ئەندام لەپێناو گێڕانەوەی یەكێتی بۆ رۆژانی پاش دامەزراندنیخەبات دەكەینو پشتبەخۆو بەستنو خۆپارێزیوبنبڕكردنی گەندەڵیو كوتلەگەرایی كە وەك مۆرانە بەربووەتە گیانی یەكێتی... ئاشكرایە كە یەكێتی نیشتمانی یەكەم رێكخراو بوو كە شۆڕشی دژی صەدامی دیكتاتۆر هەڵگیرسانو دروشمی یەكێتی گەلی كوردو هاوكاری لەگەڵا هێزە نیشتمانپەروەرو شۆڕشگێرە عیراقییەكان هەڵگرتو دروشمی فیدرالییەتو بناغەی پەیوەندی نیشتمانی عیراقیو نەتەوەیی كوردستانو عەرەبیو نێودەوڵەتی بەرزكردەوە.. ئێمە قوتابخانەیەكی شۆڕش بووین كە پارتەكان لە ئەزمونەكەمانەوە زۆر وانە فێربوون، وا ئێستاش بەچاوی خۆم دەبینم كە هەندێك لەسەركردەكانمان هەوڵدەدەن بەر لەم رێكخراوە شۆڕشگێڕەبگرنو بیكەن بە پاشكۆیەكی بێدەسەڵاتو ملكەچ... بەم بارودۆخە رازی نابینو رۆڵەی شەهیدانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەسلیمی ئەم دۆخە نابن......
لەبەر گرنگی بابەتی درێژكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، مۆڵەتم بدەن چەند راستییەكتان بەڕاشكاوی بۆ روون بكەمەوە:
لە رۆژی 29-6-2013 مەكتەبی سیاسی پرۆژەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمو گێڕانەوەی دەستوری بۆ پەرلەمان راگەیاند. بەیاننامەكە باسی لەوەش كرد كە هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتوون لەسەر پرۆژەكە بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسول عەلیو نێچیرڤان بارزانی خاتوو هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو بەڕیزان ئەرسەلان بایزو دكتۆر نەجمەدین كەریمو عومەر فەتاحو فازل میرانیو چەند هەڤاڵێكی تری هەردوو حزبەكە.
لەرۆژی 30- 6-2013 پەرلەمان لە كەشێكی زۆر گرژدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاساكە داو بەپەلە پرۆژەكە پەڕینرایەوە هەرچەند كوتلەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان بەتوندی ناڕازی بوو لەسەر پرۆژەكەو پەرلەمانتارەكانیان دەنگیان بۆ نەدا.
لەرۆژی 3-7-2013 زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی كۆبوونەوە (زیاتر لە 90 ئەندام) لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵا جێگری یەكەمو دووەمی سكرتێری گشتی، برایان كۆسرەت رەسوڵا عەلیو دكتۆر بەرهەم ساڵحو سەرۆكی پەرلەمان بەڕێز ئەرسەلان بایز بە ئامادەبوونی مستەفا چاوڕەش. لەم كۆبوونەوەیەدا برایان بە تێرو تەسەلی باسیان لەو بارودۆخە كرد كە وایكرد ماوەی سەرۆكایەتی درێژبكرێتەوەو جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە دەستور دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانو داوایان لە ئەنجومەنی ناوەندی كرد كە بەرهەڵستی پڕۆژەكە نەكەن. لەبەرامبەر ئەوە ئەنجومەن داوای كرد كە ماوەی درێژكردنەوەكەی بەڕێز مەسعود بارزانی لە 6 مانگ تێپەڕ نەبێت بەمەرجێك دەستور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ هەموار كردنەوە بە پێی سازانی نیشتمانی كە هەموو لەیەنە سیاسییەكان لەخۆ بگرێت بەتایبەتی برایانی ئۆپۆزسیۆن. هەروەها سیستەمی حوكم لە هەرێم لە سیستەمی سەرۆكایەتییەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمی پەرلەمانی لەسەر بنەمای راگەیاندنەكەی مام جەلال (خوا شفای بدات) پاش كۆبوونەوەكەی دەباشان لەگەڵ بەڕێز نەوشیروان مستەفا كە رێكەوتن كرا لەسەر ئەو خاڵانە بۆ پاراستنی یەكێتی ریزەكانی ناو رێكخستنەكانی یەكێتی نیشتمانی. لەهەمان كۆبوونەوەداو لەسەر داواكاری ئەنجومەنی ناوەندی برای بەڕێز ئارێز عەبدالله گێردڕایەوە بۆ پۆستەكەی خۆی پاش ئەوەی سیفەتی تەجمیدی لەس لابرا.
دوای چاوەڕوانییەكی درێژ بەڕێز مەسعود بەرزانی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی قبوڵا كردو لەهەمان كاتداو بە شێوەیەكی تەمومژاوی گێڕانەوەی دەستوری بۆ پەرلەمان راگەیاند بێ ئەوەی ئاماژە بۆ بابەتی راپرسی گشتی بكات.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان جار نەجارێك لێدوان دەدەن كە دوورە لە بەندەكانی رێكەوتننامەكەی نێوانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان. پێش چەند رۆژێك ئاسو كەریم چەند لێدوانێكی ئیستفزازی دا بەدوای ئەویشدا عبد السلام برواری ئەندامی پەرلەمان كە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەژمێردرێت لێدوانێكی سەیری داو جەختی كردەوە كە دەستور ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان پێش راپرسی گشتی.
لێرەدا بەگرنگی دەزانین كە مەكەتبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای روون كردنەوەیەك لە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات سەبارەت بەم لێدوانە نا مەسئولانە، چونكە بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە ئەو رێكەوتننامەیەی لەلایەن مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبەكەوە واژوو كراوە گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمانو پیاچوونەوەی بەندەكانی رێكەوتننامە واژوو كراوەكەی ساڵی 2007ی نێوان هەردوو حزبەكە دەگرێتەخۆ، هەروەها بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیو یەكسانی نێوان هەردوو حزبەكە... چونكە زۆربەی رێكخراوە بنەڕەتیو دەزگا دەوڵەتیو سەرچاوە سروشتییەكان (نەوتو گاز)و پەیوەندییەكانی دەرەوەو نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لەدەرەوەی وڵاتو گومركو عەقدە نهێنییەكان هەموو لەژێر دەستی سەركردەكانو بازرگانو كۆمپانیاكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانن.
گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان كرۆكی رێكەوتننامەكەیەو داواكاریو مەرجێكی گرنگ بوو بەرامبەر درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی. لەبەر ئەوە داوا لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە بە ئاشكرا كە هیچ شكو گومانی تێدا نەبیت روونی بكاتەوە كە ئایا پابەندی بەندەكانی رێكەوتننامەكەیە یاخود پەیمانەكەیان شكاندووە؟ چونكە لێدوانەكانی هەندێك بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشێل كردنێكی ئاشكرای بەندەكانی رێكەوتننامەكەیە. هەروەها ئێمە لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەپرسین كە سەركردایەتی وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو رێكەوتتنامەكەی واژووكرد، ئێمە لێی دەپرسین ئایا كێ هەڵوێستی فەرمی حزبەكەتان دەردەبڕێتت ئێوە یان عبد السلام بەرواری؟ ئێمە نامانەوێت فیتنەو ئاژاوە بنێنەوە بەڵام ئێمە بیرو بۆچوونو پرسیارەكانی كادرو ئەندامە بەڕێزەكانمان دەردبڕین...
لە گەڵ رێزمدا
نظرات شما عزیزان: